گۆپته‌په‌: بریندارێكی دیكه‌ی چه‌كی كیمیایی گیانی له‌ده‌ستدا

 ئاوات خه‌یروڵا

شه‌وی رابردوو، 24/25ی ئابی 2012، بریندارێكی دیكه‌ی كیمیابارانی چه‌كی كیمیایی به‌ناوی (هه‌ژار مه‌حمود، ته‌مه‌ن 24 ساڵ) له‌ گوندی گۆپته‌په‌ سه‌ر به‌قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ گیانی له‌ده‌ستدا.

هێمن عه‌بدوڵا، كوڕی مامی قوربانییه‌كه‌ و خه‌ڵكی گوندی گۆپته‌په‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ خه‌ندان وتی: ئه‌مشه‌و سه‌عات 11:30 خوله‌ك یه‌كێك له‌ برینداره‌كانی چه‌كی كيمیایی له‌ خێزانه‌كه‌ماندا (هه‌ژار مه‌حمود) گیانی له‌ده‌ستدا كه‌ ساڵی 1988 له‌كاتی كیمیابارانی گونده‌كه‌یاندا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌عسه‌وه‌، رێژه‌یه‌كی زۆری جه‌سته‌ی زیانی پێ گه‌یشتبوو، دوچاری نه‌خۆشی (عه‌ساب) ببوو.

هێمن باسی ئه‌وه‌شیكرد: ئه‌و برینداره‌ (هه‌ژار مه‌حمود) به‌كۆرپه‌یی چه‌كی كیمیایی كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروستكردووه‌ و ده‌كرا زووتر چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی قوربانییه‌كه‌ روو له‌ هه‌ڵكشان بوو، چاره‌سه‌ری نه‌ده‌كرا، جگه‌ له‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی هه‌ژار بوون و توانای ئه‌وه‌یان نه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی بیبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

گوندی‌ گۆپته‌په‌ له‌ ڕووی‌ ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ ناحیه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ری‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵه‌ و ده‌كه‌وێته‌ (13) كم باشووری‌ ڕۆژئاوای‌ ناحیه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ر له‌سه‌ر زێیی‌ بچووك، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌عسه‌وه‌ له‌ (3/5/1988) له‌كاتی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا كیمیاباران ده‌كرێت و نزیكه‌ی‌ (120) ئافره‌ت و منداڵ و پیاو شه‌هید ده‌بن و نزیكه‌ی‌ (450) هاوڵاتیش ئه‌نفال ده‌كرێن و ته‌واوی‌ گونده‌كه‌ش خاپور و وێران ده‌كرێت 

چەمچەماڵ: گەنجێكی تەمەن 17 ساڵ لەئاوی گۆپتەپەدا دەخنكێت

                      ئاوات خەیروڵا

دوێنێ هەینی 24ی ئابی 2012، گەنجێكی تەمەن 17 ساڵ لە ئاوی گۆپتەپەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ خنكا، دواتر تەرمەكەی لەلایەن پۆلیسی چەمچەماڵەوە دەرهێنرایەوەو رادەستی كەسوكاری كرایەوە.

سەرچاوەیەك لە (JCC) چەمچەماڵ بە (خەندان) ی راگەیاند: دوانیوەڕۆی نیوەرۆی 24 ئاب گەنجێكی خوێندكار لەدایكبوی 1995 دانیشتووی ناحییەی تەكییە لەكاتی مەلە كردندا لەگەڵ برایەكی و ئامۆزایەكیدا لەچەمی گۆپتەپەدا دەخنكێت.

سەرچاوەكەی (JCC)  بۆ (خەندان) ئاماژەی بەوەشكرد: دوای ئەوەی پۆلیس لە رووداوەكە ئاگاداركرایەوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەك گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و توانیان تەرمی گەنجەكە بدۆزنەوە.

ئەو سەرچاوەیەی (JCC) وتیشی: "بەپێی وتەی شایەتحاڵەكان ئەو گەنجە مەلەی نەزانیوە، جگە لەوەش ئاوی گۆپتەپە لەناكاو بەردراوەتەوە ئەوەش هۆكارێك بووە بۆ زیادبوونی ئاستی ئاوەكە و نەتوانراوە دەرباز بكرێت، هەر بۆیە كەسوكارەكەی تائێستا هیچ سكاڵایەكی یاساییان تۆمار نەكردووە 

ئەفسەرێکى کورد لە بێجى تیرۆر کرا

 پێشەوا شێخ رەئووف

عەمید روکن ( بەختیار محەمەد سدیق) ئامرى لیواى 16 ، بە سایتى (کاروان)ى راگەیاند، رۆژى 29ى ئەم مانگە ئەفسەرێکى کوردى سریەى مغاویرى  لیواى شانزەى عێراق  بەناوى (حسێن کاوە ئەحمەد) لە ناوچەى بێجى لەکاتى بەجێهێنانى ئەرکەکانى و پارێزگاریکردن لە سەروەت و سامان و گیانى هاوڵاتیان،  لەلایەن تیرۆرستانەوە شەهیدکرا. رۆژى دواتریش لەمەراسیمێکى شایستەدا بەئامادەبونى ئامرى  لیواى شانزەو ژمارەیەک لە ئەفسەران و هاورێ و دۆستان و خزم و کەسوکارى لە گۆرستانى کۆمەڵگاى گۆپاڵەى نزیک ناحیەى بازیان  بەخاک سپێردرا.

وتیشى : ئەو ئەفسەرە کوردەى لەلایەن تیرۆرستانەوە شەهیدکرا، یەکێک بووە لە ئەفسەرە کوردە  بەتواناو دڵسۆزەکانى لیواى شانزەى عێراق و هەمیشە خەمى گەورەى دابینکردنى ئاسایش و ژیانێکى ئارام بووە بۆ هاوڵاتیان. خۆیشى دەرچووى کۆلێژى سەربازى قەڵاچوالان و خوێندکارى یاسا بووەو دوا پلەشى ملازمى یەک بووە لەو لیوایەى سوپاى عێراق.

رونیشیکردەوە

ناوبراو بەهۆى تەقینەوەى  بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیدا شەهیدبووەو دوو سەربازى تریش کە لەگەڵیدابوون برینداربوون.

 جێى ئاماژەیە، ماوەى چەند ساڵێکە بەپلانێکى نەخشە بۆ دارێژراو لەلایەن تیرۆرستان و عەرەبە شۆڤێنییەکانەوە، لەناوچە دابرێنراوەکاندا هەڵمەتێکى تیرۆرکردنى ئەفسەران و سەربازانى بەرەگەز کورد دەستى پێکردووەو تائێستاش ژمارەیەک ئەفسەرو سەربازى کورد لەناو سوپاى عێراقدا تیرۆرکراون


 

گرنگی بە بەهرەکانى گەنجان دەدرێت

پێشەوا شێخ رەئووف

بەمەبەستى گرنگیدان بەتواناکانى گەنجان و خستەرووى حەزو خولیاکانیان، بنکەى رێکخراوى ئازادى لاوانى کوردستان، بە ناونیشانى (ژووانێک بەر لەخۆرئاوابوون) لە ۆهڵى رۆشنبیرى قەزاى چەمچەماڵ ئێوارەکۆرێکى شیعرى بۆ (پێنج) شاعیرى لاوى سنورکە رێکخست.

لەو ئێوارە شیعرییەدا کە ژمارەیەکى زۆر لە گەنجان و لاوانى قەزاکە ئامادەیبوون، شاعیرانى لاو چەند دەقێکى شیعرى خۆیان خوێندەوەو هەست و بیرى ئامادەبوانیان لەگەڵ پەیڤە ناسک و جوانەکانى خۆیان راپێچى دنیاى پاک و بێگەردى شیعرو هۆنراوە کردو پێکەوە لە ئێوارەیەکى بەر لە خۆرئاوابووندا لەپاڵ گەڵاى زەردى وەریوى پاییزەدا پیاسەیەکیان بەتەنیشت سۆزى ئەوین و هەستى وەفادارییەوە کردو لەوێشەوە لەپاڵ درەختى خۆشەویتیدا بۆ ساتێک وەنەوز بردنییەوە. 

ئامادەبوانى ئێوارە ژوانەکەش دوور لەسەرقاڵى و  کارى رۆتینى رۆژانە ساتێکى هێمن و پر ئەفسوناوییان لەگەڵ دەقە شیعرییە ناسکەکان و ئاوازى دڵرفێنى مۆزیکدا بەسەربرد. 

ئەم ئێوارە شیعرییە بۆ هەریەک لە شاعیرانى لاو (راستى عەلى، بێچیرڤان جەمال، کەیوان خالید، ئاران نامۆ و شاباز محێدین) رێکخرابوو. لەرابردووشدا و بەمەبەستى گرنگیدان بەتواناو بەهرەکانى گەنجان بنکەى شۆرشى سەر بەنتەرى چەمچەماڵى رێکخراوى ئازادى لاوانى کوردستان ژمارەیەک چالاکى جۆراو جۆرى بۆ گەنجان ئەنجامداوە



 

 لەرووى خزمەتگوزارییەوە لەمساڵدا هەنگاوێکى گەورە دەچێتە پێشەوە

پێشەوا شێخ رەئووف

ناحیەى تەکیەى کاکەمەند سەربە قەزاى چەمچەماڵەو کەوتووەتە سەر رێگەى سەرەکى (کەرکوک-سلێمانى)، لەگەڵ ئەوەى حکومەتى هەرێم لەرێگەى فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى خۆیەوە دەستى ئاوەدانى گەیاندووەتە ئەم ناحێیە. بەڵام بەبەراورد بەشارو شارۆچکەکانى تر ، لەرووى خزمەتگوزارییەوە هەژارى پێوە دیارەو لەئێستادا تەواوى گەرەک و کۆڵانەکانى ناحیەکە پێویستى زیاتریان بە بوونى پرۆژەى خزمەتگوزارى و ئاورلێدانەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم هەیە.

        لەساڵى 2011دا پرۆژەى ئاوەرۆى بەشێک لەگەرەکى هندرێن  بەبرى (220) ملیۆن دینار جێبەجێکراوەو لەئێستادا کارکردن لەو پرۆژەیەدا تەواوکراوە.    

         لەهەمان ساڵدا (350) ملیۆن دینار لەبوارى پرۆژەکانى ئاودا خەرجکراوە کە بریتى بوونە لە بەستنەوەى چەند بیرێک بەتۆرى ئاوى گەرەکەکان و گەیاندنى کارەبا بۆ بیرەکان و دروستکردنى خەزانى ئاوو شوێنى پاسەوان. هەروەک لەماوەى ئەو ساڵەدا بەمەبەستى زیادکردنى رووبەرى سەوزایى شارەوانى ناحیەى تەکیە (14)هەزار نەمامى جۆراوجۆرى لەتەواوى شوێنە گشتییەکانى ناحیەکەدا چاندووە ئەمەش جگە لە زیادکردنى رووبرى سەوزایى ، سیمایەکى جوان و شارستانیشى پێبەخشیووە.

      هەر لەساڵى 2011دا ژمارەیەک پرۆژە کەوتوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوەو هێشتا کارکردن تیایاندا بەردەوامە، ئەوانیش بریتین لە دروستکردنى بیناى باخچەیەکى ساوایان بەبرى (850) ملیۆن دینارو دروستکردنى باخچەیەک لە گەرەکى رزگارى بەبرى (140) ملیۆن دینار. 

بەپێى ئەو زانیارییانەى لەرێگەى یەکەى ئیدارى و شارەوانى ناحیەکەوە دەست (سایتى کاروان ) کەوتووە، ژمارەیەک پرۆژەى گرنگ و جێبایەخ بۆ ناحیەکە دەرچووەو وابریارە سەرجەمیان لەئایندەیەکى نزیکدا بکەونە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەوانیش بریتین لە، دروستکردنى پردێک بۆ پەرینەوەى هاوڵاتیان لەنێوان هەردوو بەشى ناحیەکەدا بەبرى (200) ملیۆن دینار. هەروەها دروستکردنى بیناى بنکەیەکى تەندروستى بەبرى (200) ملیۆن دینارو دروستکردنى یاریگایەکى تارتان بۆ وەرزشکاران بەبودجەى (140) ملیۆن دینارو دروستکردنى شوراى هەردوو گۆرستانى ناحیەکە بەبرى (180) ملیۆن دینار . بریاریشە هەر لەمساڵدا چەند پرۆژەیەکى قیرتاوکردن و دروستکردنى شۆستە بۆ ژمارەیەک گەرەک بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە  کە بریتین لە قیرتاوکردن و دروستکردنى شۆستە بۆ گەرەکى رزگارى یەک و دوو  بەبرى (دوو) ملیار دینارو قیرتاوکردن و دروستکردنى شۆستە بۆ کۆڵانەکانى گەرەکى هەرێم و بەشێک لە گەرەکى شارەوانى. 

          بەجێبەجێکردن و تەواوبوونى ئەم پرۆژانەش ئاستى خزمەتگوزارى لەناحیەکەدا هەنگاوێکى باش دەچێتە پێشەوەو بەشێک لە داواکارى هاوڵاتیان جیبَەجێ دەکرێن و گرفتەکان چارەسەردەبن.

       لەگەڵ جێبەجێکردنى هەموو ئەم پرۆژانەشدا، هێشتا چەند گرفتێک لەناحیەکەدا هەن کە هاوڵاتیان خوازیارن کاربکرێت بۆ چارەسەرکردنیان.  

       یەکێک لەو گرفتانەى کە ماوەیەکى زۆرە بەشێکى زۆرى دانیشتوانى ناحیەکەى نیگەران کردووە نەبوونى تاپۆى خانووى زیاتر لە (2000) خێزانە، بەهۆى ئەم گرفتەشەوە ئەو خێزانانە تاکو ئێستا نەیانتوانیووە لەوەرگرتنى پێشینەى خانووبەرەى حکومەتى هەرێم سوودمەندبن. هەروەک گرفتێکى ترى ناحیەکە ئەوەیە تاکو ئێستا ناوچەى پیشەسازى لەناو بازارو گەرەکەکانى ناحیەکەدایەو گرفتێکى زۆرى بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە. لەگەڵ ئەوەى چەند ساڵێکە لەلایەن شارەوانییەوە زەوى بۆ ناوچەى پیشەسازى دابینکراوە بەڵام بەهۆى بوونى چەند گرفتێکەوە تاکو ئێستا نەتوانراوە پیشەوەرانى ناوچەى پیشەسازى بگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنەى بۆیان دەستنیشانکراوە. 

      گرفتى نەبوونى گەراجێکى یەکگرتوو یاخود هەرجۆرە گەراجێکى دروست و شیاو لەناحیەکەدا یەکێکى ترە لە کەموکورییەکان، بۆیە لەئێستادا بەناچارى ئۆتۆمبیڵى هێڵەکانى ناو ناحیەکە کە بریتین لە هێڵەکانى (تەکیە- سلێمانى) و (تەکیە-چەمچەماڵ) و (تەکیە-ئاغجەلەر) لەسەر رێگەى گشتى (سلێمانى –کەرکوک) دەوەستن و ئەم کارەش بەهۆى جەنجاڵى ئەو رێگەیەوە مەترسى گەورەى هەیە بۆ دروستبوونى رووداوو کارەساتى دڵتەزێن و نەخوازراو. 

       یەکێکى تر لەو کەموکوریانەى کە پێویستە ئاماژەى پێبکرێت، نەبوونى بازارێکى سەردەمیانەو گونجاوە بۆ میوەفرۆشانى ناحیەکە، ئەمە لەکاتێکدا لەساڵى 2000دا بازارێکى شیاو کە (257) دوکان لەخۆدەگرێت لەلایەن شارەوانییەوە دروستکراوە، بەڵام میوەفرۆش و سەوزەفرۆشان نەیانتوانیووە سوود لەو بازارە وەربگرن و لەشوێنێکى نزیک ئەو بازارە کۆبوونەتەوەو ئەو بازارەیان دروستکردووە کە هیچ مەرجێکى تەندروست و سەردەمیانەى تێدا نیە. 

       دواهەمین گرفت کە پێویستە ئاماژەى پێبکەین ، بوونى ناوەندێکى کێشکردنى ئۆتۆمبیلە لەناو ناحیەکەدا، بەوتەى دانیشتوانى ناحیەى تەکیە ئەم ناوەندى کێشکردنە بەهۆى خراپى و نەگونجاوى شوێنەییەکەوە تاکو ئێستا بوونە هۆکارى چەندین رووداوى هاتوچۆو لەرابردوودا مەترسى و زیانێکى زۆرى بۆ سەر گیان و ماڵى هاوڵاتیان هەبووە. داواکارى هاوڵاتیانیش ئەوەیە ئەو کێشە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکى تر لەدەرەوەى ناحیەکەیان. 

 ناحیەى تەکیە بەهۆى راگواستنى خەڵکى شارى قەڵادزێ لەساڵى 1974و دواتریش لەساڵانى کۆتایى هەشتاکانى سەدەى رابردوودا بەهۆى وێرانکردنى گوندەکان و راگواستنى دانیشتوانەکەنیانەوە، ئاوەدانى زیاترى تێکەوتووەو یەکێک بووە لەو کۆمەڵگە زۆرە ملێیانەى کە حکومەتى بەعس دروستى کردبوو.    

       دواترو لەساڵى (2000)دا بەبریارێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە بەناحیەو لەوکاتەشەوە بووە بەخاوەنى شارەوانى و هەندێک لە فەرمانگەکانى ترى تیادا کراوەتەوەو  وردو وردە  فراوانییەکى زۆرى بەخۆوە بینیووە لەئێستاشدا (8000) خێزانى تیادا نیشتەجێیە کە نزیکەى (35) هەزار کەس لەخۆدەگرێت. 




 

قۆناغێکى ترى پارەى دروستکردنى خانوى وارسى ئەنفالکراوان دابەشکرا

پشتیوان محمد

ئەمرۆ 1/2/2012 لە رێورەسمێکدا لەقەزاى چەمچەماڵ ،قۆناغێکى ترى چەکى پارەى دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوونى وارسى ئەنفالکراوان بەسەر   (96) وارسدا دابەشکرا

(سەلمان رەمەزان) بەرێوەبەرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى چەمچەماڵ بە سایتى (کاروان)ى راگەیاند: لیژنەى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و بەرێوەبەرایەتیمان چەکى پارەى دروستکردنى خانوى بەسەر وارسى ئەنفالکراوەکاندا دابەشکرد، بەشێکیان بریتین لە 27 وارس کە هەر یەکەیان برى 6 ملیۆن دینار وەردەگرن کە لە قۆناغی یەکەمدان. بەشى  دوومیشیان (69 ) وارسن کە برى 12 ملیۆن دینار وەردەگرن و لە قۆناغى دووەمدان، روونیشى کردەوە، 

ناوبراو ئاشکراشیکرد، ئەمرۆ لیژنەکە چەکى پارەى بەسەر 96 وارسدا دابەشکرد و لیژنەکەش بەباشى کارەکانى خۆیانیان بەرێوەبردووە.

 وتیشى لە چەند رۆژى داهاتوشدا چەکى پارەى قۆناغى سێەمیش بەسەر وارسى ئەنفالکراوەکاندا دابەشدەکرێت کە برى 9 ملیۆن و 500هەزار دینارە.

(سەلمان رەمەزان) وارسى شەهیدان و ئەنفالکراوانى دڵنیا کردەوە کە دواى پەسەند کردنى بودجەى ئەمساڵ و پێداچونەوەى دۆسیەکانیان، بەپێى بریارو رێنمایەکانى وەزارەت موچەى شەهیدان زیاد دەکرێت، وارسى ئەنفالکراوەکانیش زیاتر سودمەند دەبن، بەڵام ئەوەش بەپێى رێنمایەکانى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان دەبێت


 

بەرێوەبەرایەتى تەندروستى ئامارى ساڵێکى ئیشوکارەکانى بڵاوکردەوە

پێشەوا شێخ رەئووف

      لەساڵى 2011دا لەسنورى قەزاى چەمچەماڵدا (276) هەزار(614) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەو مەڵبەندو بنکە تەندروستییەکانیان کردووەو لەو ساڵەشدا (4،437) نەشتەرگەرى جۆراوجۆر بۆ هاوڵاتیان ئەنجامدراوە.

      لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا (دکتۆر جەمال ئەنوەر ئەحمەد) لێپرسراوى بەشى هونەرى بەرێوەبەرایەتى تەندروستى چەمچەماڵ ئامارى ساڵێکى بەرێوەبەرایەتییەکەیانى خستەروو. لەسەرەتادا ناوبراو ئاماژەى بەوەکرد لەسنورى قەزاى چەمچەماڵدا (سێ) نەخۆشخانەو (10) مەڵبەندى تەندروستى و (35) بنکەى تەندروستى هەیە. رونیشیکردەوە، لەساڵى 2011دا (276،614) هاوڵاتى بەمەبەستى چارەسەرکردن، سەردانى نەخۆشخانەو مەڵبەندو بنکە تەندروستییەکانیان کردووە. هەروەک رونیشیکردەوە،لەو ساڵەدا توانراوە (4،437) نەشتەرگەرى جۆراو جۆر ئەنجام بدرێت. 

      دکتۆر (جەمال ئەنوەر) ئاشکراشیکرد، لەو ساڵەدا (3927) منداڵ لەهەر دوو رەگەز لەدایکبوون و تەنها یەک ژنیش لە نەخۆشخانەى منداڵبوون گیانى لەدەستداوە. وتیشى، لەو ماوەیەدا (644) حاڵەتى سوتان و (40) حاڵەتى برینداربوونیش بە گوللە تۆمارکراوە.

       لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، لێپرسراوى بەشى هونەرى بەرێوەبەرایەتى تەندروستى چەمچەماڵ، ئاماژەى بەوەدا لەساڵى رابردوودا (48) کەس گیانیان لەدەستداوە کە (16) یان منداڵبوون و بەهۆکارى جیاجیا گیانیان لەدەستداوە. 

ناوبراو رونیشیکردەوە، لەساڵى 2011دا (319) کەسى تازە دەستنیشانکراون کە نەخۆشى درێژ خایەنیان هەبووە.

 لەکۆتایى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا (دکتۆر جەمال) باسى لەوەکرد لەئێستادا لەسنورى قەزاى چەمچەماڵ تەنها (80) قەرەوێڵەى نوستن هەیە بۆ نەخۆش و خۆى لەراستیدا چەمچەمالڕ لانیکەم  پێویستى بە نەخۆشخانەیەکى (200) قەرەوێڵەیى هەیە




 

کەسوکارى ئەو منداڵەکە داواکارن چیتر شتى ناراست لەکەناڵەکانى راگەیاندنەوە بڵاونەکرێتەوەو خەڵکى چەواشە نەکرێت

پێشەوا شێخ رەئووف

    کەسوکارى ئەو خێزانەى چەمچەماڵ کە لەچەند رۆژى رابردوودا منداڵێکیان گیانى لەدەستدا، رایدەگەیەنن چیتر پێیان قبووڵ نیە لەکەناڵەکانى راگەیاندنەوە وێنەى ئەو خێزانە پیشان بدرێت بەبیانووى ئەوەى کە گوایە دەستکورت و نەدارن.

     (ئەحمەد کەریم حەسەن) براى (نەعیمە)ى دایکى ئەو منداڵەى گیانى لەدەستدا ئاماژە بەوەدەکات، خوشکەکەى و مێردى خوشکەکەى بارى دەروونیان تەواو نیە، بۆیە هەر رۆژەو قسەیەک دەکەن تاکو لەرێگەیەوە هاوکارى خەڵکى کۆبکەنەوە. ناوبراو ئاماژە بەوەشدەکات، ماڵى خوشکەکەى چەند موچەیەکیان هەیەو هاوکات دوو کۆبۆنى خۆراکیشیان هەیە. وتیشى بەهەموو شێوەیەک ئەو خێزانە دەست کورت و نەدارنین و داواشیکرد هیچ و کەس و لایەنێک هاوکارییان نەکات لەبەرئەوەى دەستکورت نین و خاوەنى موچەى خۆیانن جگە لەوەش بەردەوام لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە هاوکارییان کراوە.

      براى ئەو ژنە ئەوەشى رونکردەوە، لەهەندێک لەکەناڵەکانى راگەیاندنەوە خراپ قسە لەسەر ئەو خێزانە کراوەو راستییەکان شێوێندراون. بۆیە ئەوان وەکو کەسوکارى ئەو خێزانە پێیان باش نیە چیتر لەکەناڵەکانى راگەیاندنەوە شتى ناراست لەسەریان بڵاوبکرێتەوە. 

    رونیشیکردەوە، هۆکارى مردنى منداڵەکەیان نەدارى نەبووە، بەڵکو خۆیان هۆکارن کە ناتوانن منداڵیان هەبێت و بەشێوەیەکى باش پەروەردەیان بکەن.

وتیشى هەر کەناڵ و دەزگایەکى راگەیاندن شتى ناراست بڵاوبکاتەوەو وێنەى ئەو خێزانە پیشان بدات ئەوان داواى یاسایى لەسەر تۆماردەکەن

 

"نێرگز"ى تەمەن 35 رۆژ هەر کە لەدایکبووە نەخۆش بووەو چەند برینێک بەجەستەیەوە بووە"

"هیچ سەرچاوەیەکى زانستى ئەوەى پشتراست نەکردووەتەوە هۆکارى مردنەکەى بەهۆى سەرماوە بووبێت

پێشەوا شێخ رەئووف

قایمقامى چەمچەماڵ ئاشکرایکرد، ئەو منداڵەى لە چەمچەماڵ گیانى لەدەستداوە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە بەهۆى سەرماوەبووە، دوورە لەراستییەوە. بەڵکو ئەو منداڵە کاتێک لەدایکبووە نەخۆش بووەو تا ئەو ساتەشى گیانى لەدەستداوە چەند برینێک بەجەستەیەوە بووە. 

(تارق رەشید) لەبارەى بژێوى ئەو خێزانەوە رونیشیکردەوە، ئەو خێزانە زیاتر لە دوو موچەیان هەیەو کۆى موچەکانیان نزیک بە یەک ملیۆن دینارە. وتیشى، ئەو خێزانە دوو کۆبۆنى خۆراکیان هەیەو دوو بەشە نەوت وەرئەگرن و لەماوەى چوارمانگدا دوو بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە. تەنانەت کاتێک منداڵەکەیان گیانى لەدەستداوە نیو بەرمیل نەوت لەماڵەکەیاندا هەبووە.

لاى خۆشییەوە (سەفین حەمەرەشید) پزیشکى موقیم لەنەخۆشخانەى شەهید پێشرەو ئەوەى بۆ کوردستانى نوێ ئاشکراکرد، کاتێک ئەو منداڵە هاتووەتە نەخۆشخانە تازە گیانى لەدەستدابوو. بەڵام هۆکارى مردنەکەى ئاشکرا نەکراوە لەبەرئەوەى رەوانەى پزیشکى دادوەرى نەکراوەو دەست بەجێ تەرمەکەى دراوەتەوە بە دایک و باوکى. ئەو پزیشکە وتیشى، لەرووى زانستییەوە بەبێ ئەوەى تەرم رەوانەى پزیشکى دادوەرى بکرێت ناتوانرێت هۆکارى گیان لەدەستدان روون بکرێتەوە. 

بەوتەى دایک و باوکى منداڵەکەش لەماڵەوە سوتەمنییان هەبووە بەڵام پلیتەى سۆپاکەیان خراپ بووەو ئەو شەوە ئیشى نەکردووە. هاوکات دایک و باوکى منداڵەکە ئەوەش ئاشکرا دەکەن کە منداڵەکەیان پێشتر نەخۆش بووەو برین بە دەست و باڵییەوە بووەو تاکو گیانى لەدەست نەداوە نەیان بردووە بۆ نەخۆشخانە.

قایمقامى چەمچەماڵ ئەوەشى ئاشکراکرد، خۆى سەردانى ئەو خێزانەى کردووەو هەر کەموکورییەکیان هەبێت ئامادەن بۆیان دابین بکەن. وتیشى، کێشەى سەرەکى ئەو خێزانە ئەوەیە ژن و پیاوەکە هەردووکیان لەرووى دەرونیەوە نەخۆشن و ناتوانن وەکو هەر کەسێکى ئاسایى تر منداڵ پەروەردە بکەن، ئەماژەى بەوەشدا ئەوە ئەرکى رێکخراوەکانە بێن قسە لەسەر ئەوەبکەن کە ئەو کەسانەى نەخۆشى دەروونیان هەیە رێگەیان پێ نەدرێت ژیانى هاوسەرێتى پێکبهێنن تاکو لەئەنجامدا نەوەکانیان بەهۆى لاوازى و نەزانینى خۆیانەوە نەبنە قوربانى. 

بەپێى ئەو زانیارییانەى دەست سایتى (کاروان) کەوتووە، ئەو خێزانەى منداڵەکەیان بەناوى (نێرگز) لە شەوى 22/23/1/2012 بەهۆى نەخۆشییەوە گیانى لەدەستداوە، خاوەنى زیاتر لەدوو موچەن و کە لەچاودێرى کۆمەڵایەتى چەمچەماڵ و لەبەرێوەبەرایەتى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەولێر وەریدەگرن و کۆى موچەکانیشیان نزیک بە یەک ملیۆن دینارە. هاوکات دوو کۆبۆنى خۆراکیان هەیەو دەتوانن دوو بەشە سوتەمەنى وەربگرن، ئەو خانووەشى تیایدا نیشتەجێن لەساڵى 2000دا لەلایەن رێکخراوێکەوە دروستکراوەو ژمارەیەک خێزانى پیرو پەککەوتە تیایدا دەژین.

 

ژمارەیەک گوندى سنورى سەنگاو داوادەکەن ئاوڕى زیاتریان لێ بدرێتەوە

پێشەوا شێخ رەئووف

     دانیشتوانى ژمارەیەک گوندى سنورى ناحیەى سەنگاو، داواکارن لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت ئاوریان لێ بداتەوەو دەستى ئاوەدانى زیاتر بگەیەنێتە گوندەکانیان.

     دانیشتوانى گوندەکانى (مەسۆى بەرگەچ و مەسۆى سەرچەم و بچوک و درۆزنەو فەقێ مستەفاو رەوات) باس لەوەدەکەن ژمارەیەک پرۆژەى گرنگ بۆ گوندەکانیانکراوە وەک دروستکردنى بیناى خوێندنگەو بنکەى تەندروستى و پرۆژەى ئاویانبۆ کراوە. بەڵام بەهۆى نەبوونى مامۆستاو کارمەندى تەندروستى پێویستەوە نەیانتوانووە بەشێوەیەکى باش سوود لەو پرۆژانە وەربگرن. بۆیە داواکارن کەموکوریەکانیان بۆپربکرێتەوە مامۆستاو کارمەندى تەندروستییان بۆ دابین بکەن.

      لەکاتى بەسەرکردنەوەى ئەو ژمارە گوندە دوورە دەستەى سنورى ناحیەى سەنگاو بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەکەموکورى دانیشتوانەکەى، (تارق رەشید) قایمقامى چەمچەماڵ بە سایتى کاروان - ى  راگەیاند، پێیان باشبووە لەنزیکەوە ئاگادارى کەموکورى و داواکارى دانیشتوانى ئەو ژمارە گوندەبن تاکو لەرێگەى لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کاربکەن بۆ چارەسەکردنى.

 زیاتر لە (دە) گوندى دوورە دەستى سەر بەناحیەى سەنگاو لەئێستادا پێویستیان بە ئاوردانەوەى حکومەت و خزمەتکردنى زیاترە، لەپێشى هەمووشیانەوە دابینکردنى مامۆستاو کارمەندى تەندروستى و گەیاندنى وزەى کارەبایە بۆ گوندەکانیان. چاوى هیواشیان تەنها بریووەتە ئاورلێدانەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت تاکو کەموکوریەکانیان بۆ چارەسەربکەن. 

 

لە برى دیمەنى سەوزایی، زبڵ و خاشاک بەدی دەکرێت

هاوڵاتیان داواکارن رێگاى سەرەکى کەرکوک چەمچەماڵ سەوز بکرێت

پشتیوان محەمەد

نەبونى نەمام و دارو سەزوزایی لەنێوان رێگاى سەرەکى کەرکوک چەمچەماڵ دیمەنێکى وشک و ناشارستانى بەخشیوە بەو رێگایە وەک چەند هاوڵاتیەک باسیا لێوە کرد کاتێک بەو رێگایەدا تێدەپەرن لەبرى سیبەر و دیمەنى جوان زبڵ و خاشاک دەبینین ئەوەش فشارێکى دەروونى لەسەر زۆربەى هاتوچۆ کەراندا درووستکردووە.

    شیلان محەمەد هاوڵاتیەکى دانیشتوى کەرکوک بوو ووتى بەهۆى ئەوەى کە ماڵى باوکم لە چەمچەماڵە زۆرجار هاتووچۆ دەکەم ئەوەى ئێمەى نیگەران کردووە نەبوونى دار و سەوزاییە لە نێوان رێگاکەدا کە دەبوو لە تەواوى رێگاکە دار بروێنرایە کە لە رووى ژینگەوە هەوایەکى پاک وەردەگیرا و لە رووى دەرونیشەوە گەشتیاران ئارام دەبوون و لە وەرزى هاوینیشدا دەبوو بەسێبەر و تا رادەیەکیش پلەى گەرمى دادەبەزاند .

    ئەو هاوڵاتیە داواکار بوو لە لایەنى پەیوەندیدار و هاوڵاتیان هەرکەس لە ئاستى خۆیەوە هەوڵى چاندنى نەمام بدات بۆ ئەوەى ژینگەکە بپارێزین و دیمەنى رێگاو بانەکانیشمان جوانتر دڵفرێن بکەین.

   تاریق رەشید قایم قامى چەمچەماڵ رایگەیاند ئێمە لەگەڵ زۆربەى رێکخراوە ژینگەیەکاندا کۆبوینەتەوە و ئەوباسەمان تاووتوێ کردووە هاوکات لە بەستنى کۆنفرانسی ژینگەى چەمچەماڵیشدا باسمانکردووە، یەکێک لەبەنامەکانى ئەمساڵیشمان ئەوەیە کە زۆربەى جەزرە وەسەتیەکان سەوزدەکەین گرنگى بەسەوزکردنى رێگاوبانەکانیش دەدەین لە پێشتردا کارەکانمان رێگربونە بەڵام لە داهاتوودا سەوزیان دەکەین بەتایبەتى نێوان ناحیەى تەکیە چەمچەماڵ و ناحیەى شۆرش چەمچەماڵ و ناوشار تا بانى مەقان .

 

روفاتى ئەنفالکراوەکان دەهێنرێتەوە

پشتیوان محەمەد

ئارام ئەحمەد –وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان سەبارەت بە هێنانەوە روفاتى قوربانیانى ئەنفال راگەیاند، لەئێستادا (207) روفات هێنراونەتەوە شارى هەولێرو پشکنینیان بۆ کراوە،کە بەشێکى تر لەروفاتەکان لەبەغدان و پشکنینیان تەواوبووەو  بەردەوامیشن بۆ دەرهێنانەوەى تەواوى ئەو روفاتانەى کەتاکو ئێستا لەگۆرە بەکۆمەڵەکاندان. واش بریارە لەساڵیادى کارەساتى ئەنفال و لەمساڵدا ژمارەیەکى تر لە روفاتى قوربانیانى ئەنفال بهێنرێنەوە بۆ قەزاى چەمچەماڵ و لە گۆرستانى مۆنۆمێنەتەکەدا بەخاک بسپێردرێن


 

پێنج تەن گۆشت و جگەرى هندى دەستى بەسەرداگیرا

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئووف

هێزەکانى ئاسایشى رۆژئاواى سلێمانى لەرێگەى قەرەهەنجیر-چەمچەماڵ دەستیانگرتن بەسەر ئۆتۆمبیلێکدا کە نزیکەى (پێنج) تەن گۆشت و جگەرى هندى و نەشیاویاو بۆخواردنى بارکردبوو، کە بەنیازبوون لەبازارەکانى شارى سلێمانیدا ساغى بکەنەوە.

(رائید فەرهاد محەمەد عەبدوڵا) لێپرسراوى بەشى راگەیاندنى بەرێوەبەرایەتى ئاسایشى رۆژئاى سلێمانى بە سایتى کاروان فتح اللە - ى  راگەیاند، هێزەکانیان لە رێگەى –قەرەهەنجیر –چەمچەماڵ دەستیان گرتووە بەسەر ئۆتۆمبیێلێکدا کەبرى نزیکەى (پێنج) تەن گۆشت و جگەرى هندى بارکردبوو خاوەنەکەى بەنیازبووە لەبازارەکانى شارى سلێمانى ساغى بکاتەوە.

ناوبراو وتیشى، ئەو کەسەى گۆشتەکەى پێگیراوە دەدرێتە دادگاو لەرێگەى ئەوانەوە غەرامەدەکرێت. رونیشیکردەوە، لیژنەیەک پێک دەهێنرێت بۆ لەناوبردنى گۆشتە دەست بەسەرداگیراوەکە

 

هاوڵاتیان و رێکخراوەکانى چەمچەماڵ، نیگەرانن لە پەرەسەندنى راوکردن

7نکەى پۆلیسى دارستان ئۆتۆمبیلیان نیە

بەرێوەبەرى پۆلیسى دارستانى گەرمیان" زۆرجار راوچیەکان دوو هێندەى پۆلیسى دارستان دەبن و ئۆتۆمبیلەکانى ئەوان لە هین ئێمە باشترە

پشتیوان محەمەد

 بەهۆى دیاردەى راو کردنەوە لە کوردستان و سنورى گەرمیان بە تایبەتى ئاژەڵ و پەلەوورە کێویەکان بەرەو لە ناو چوون دەچن.

   وەک چەند هاوڵاتیەکى گوندنشینەکان ئاماژەیان پێدا لە ساڵانى رابردوودا ئاسک و پەلەورى کێوى و بگرە ئاژەڵى درندە وەک گورگ و بەراز و چەقەڵ و چەندین جۆرى ئاژەڵى تر بە زۆرى دەبینران، بەڵام ئێستا یان زۆر کەمبۆتەوە یان هەر نەماون و ریشەکێش کراوون.

      نیاز جەبار هاوڵاتیەکى دانیشتوى ناحیەى تەکیەى جەبارى بو ئاماژەى بەوەدا لە دواى پرۆسەى ئازادکردنى عێراقەوە سنورى ناحەى قادرکەرەم و بان جەبارى وەک هەر ناوەچەیەکى ترى کوردستان ئاوەدان کرایەوە ئەوەى گوند نیشینەکانى دڵخۆشکرد ئەوە بوو ئاسک و باڵندەو گیانلەبەرى کێوى لەناو نەچوبون و رۆژانە برێکى زۆر دەبنران بەڵام ئێستا بەهۆى راوکردنەوە زۆربەیان لەناوچوون و دڵنیاشم لەوەى ئەو بەشەکەمەش بەهۆى راوکردنەوە کۆتاییان پێ دێت بەو کارە درندانەى راوچیانەوە دیمەن و سروشتى جوانى گوردستانیان شێواندووە ، ئەو هاوڵاتیە هیوا خواز بوو دەسەڵاتى پۆلیسى دارستان زیاتر بکرێت و سزایی راوچیانیش زیاتر بکرێت بۆ ئەوەى ئەو دیاردە ناشازە بنەبر بکرێت.

    ووتیشى ئەوەى منى نیگەران کردووە ئەو کەسانەى کە راو دەکەن زۆربەیان لە لایەن ئاستى باڵا و پلەى حکومى حزبى پشتگیریان لێدەکرێت بۆ ئازادکردنیان.

     لە ئاینى ئیسلامیشدا وەک هەر رێرەویەکى ترى ژیان مەرج و شێوازى راوکردن دیارى کراوە مامۆستا مەلا عومەر عەلى مامۆستایەکى ئاینیە سەبارەت بە راوکردن ئاماژەى بەوەدا پێویستە لەسەر راوچى کاتێک دەچن بۆ راوکردن بەئاشکرا راوى ئاژەڵان بکەن چونکە ئەوانیش هەستیان هەیە وەک باسى لێوە کرد راوکردن بە تفەنگ و شەوارەکردن ئازاردانى ئاژەڵ رێگە پێنەدراوە و حەرامە هەروەک وتیشى ئەوەى پێویستە لەسەر راوچى کاتێک دەچێت بۆ راوکردن پێویستە راوى زۆر نەکات بۆ نمونە یەک کەروێشک راوبکات ئەگەر تێپەرى لە ئیسلامدا رێگە پێنەدراوە باشتر وایشە راوکردن بە تانجی بکرێت و دواتر شوێنى گازى تانجیەکە فرە بدرێت و بدرێتە خۆى ئەوەشى خستە روو ئاینى ئیسلام رێگەى نەداوە کە هەموو کات وەک ئێستا پەنا ببرێتە بەر راوکردن تەنها لە حاڵەتى برسیى و ناچاریدا درووستە و بۆ ئەوەى ژیانى بەردوامبێت خەڵکى فێربێت درێژە بە ژیانى خۆی بدات .

  رێکخراوەکانى پاراستنى ژینگەو سرووشتى کوردستانیش لە سنورەکەدا نیگەرانن لەوەى کە دیاردەى راوکردن پەرەى سەندووە بۆیە داواکارن لە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرچیەکیان پێدەکرێت بۆ رێگرتن لەراوکردن بیکەن چونکە کوردستانیش وەک هەر وڵاتێکى تر خاوەن سروشتى جوانى خۆیەتى و با بەهەمومان رێگرى لەو دیاردەیە بکەین.

    راوچیەک کە نەیویست ناوى بوترێت بە کازم چاورەش خۆى ناساند و ووتى زۆربەى راوچیەکان وەک خولیایەک راودەکەن وە هەندێکیشیان بۆ کرین و فرۆشتن ئەو کارە دەکەن و هەندێ بژێوى خۆی بەو راوکردنە دەستە بەردەکەن من بۆ خۆم چەند جارێک دەستگیر کراوم بەس چونکە حەزم بەو کارەیە رەنگە تامردن وازى لێنەهێنم چونکە خوم پێوە گرتووە .

  موقەدەم شوان رەشید بەرێوەبەرى پۆلیسى دارستانى گەرمیان رایگەیاند لە ساڵى رابردوودا زیاتر لە 358 راوچى لە سنورى گەرمیان دەستگیر کراون و زیاتر لە 120 چەکى جۆراو جۆریش دەستى بەسەردا گیراوە و هەروەک وتیشى لە بەرامبەردا زیاتر لە 20 ملیۆن دیناریش سزاى راوچیان دراوە سەربارى ئەوەش بۆ ماوەى چەند رۆژێک راوچیەکان زیندانى کراوون دواتریش بە کەفالەت ئازاد کراوون و دەستیش بەسەر سەرجەم کەل و پەلى راو چیەکاندا گیراوە، باسى لەوەشکرد بە بەراور لە گەڵ ساڵى 2010دا راوچى ساڵى 2011 زۆر زیادتر بووە چونکە ساڵى 2010 / 285 راوچى دەستگیر کراوە بەڵام 2011/358 راوچى دەستگیر کراوە هۆکارەکەشى گەراندەوە بۆ ئەوەى لە سنورەکەیاندا 7 بنکەى پۆلیسى دارستان ئۆتۆمبیلیان نیە و ئۆتۆمبیلەکانى ترشیان لە کار دەکەون و کارمەندانى پۆلیسى دارستانیش کەمە نزیکەى 120 پۆلیس لەسەر میلاکمان کە پێشتر حکومەت بۆى دیاری کردبووین تا ئێستا دانەمەزراوون، ئەوەش واى کردوە وەک پێویست سنورەکەمان پێ کۆنترۆڵ نەکرێت

      باسى لەوەش کرد زۆرجار راوچیەکان دوو هێندەى پۆلیسەکانى ئێمەن کاتێک دەچین بۆ دەستگیر کردنیان و ئۆتۆمبیلەکانى ئەوان لە هین ئێمە باشترە.

    داواکاربوو لە لایەنى پەیوەندى دار کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و ئۆتۆمبیلیان بۆدابین بکات و لە ئێستاشدا بنکەکان وەک پێویست جێگەو شوێنى بەخۆیانیان نیە و پۆلیسمان زۆر کەمە زۆر شوێن هەیە پێویستن ئێمە خاڵیان بۆ دابنێن چونکە شوێنێکى دوورە دەستە و راوچى زۆر رووى تێ دەکات بەڵام بەهۆى ئەو کێشانەوە لە تواناماندا نیە.

بە ووتەى بەرێوەبەرى پۆلیسى دارستانى گەرمیان لە ئێستادا ئاژەڵى کێوی زۆر زیادى کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا راوچییەکانیش زیادیان کردووە ئەگەر ئاوها ئێمە پر کێشە بین ئەوا زۆرى ئاژەڵەکان بەدەست راوچیەکانەوە لەناودەچن سروشتى کوردستان دەشێوێنرێت 

 

تا ئێستا 3 ناحیەى سەر بە قەزاى چەمچەماڵ، فەرمانگەى بارى شارستانیان نیە

قایمقامى چەمچەماڵ" نەکردنەوەى فەرمانگەى بارى شارستانى لە ناحیەکاندا، کەمتەرخەمى وەزارەتى ناوخۆیە

پشتیوان محەمەد

ناحیەى تەکیەى جەبارى یەکێکە لە ناحیە نوێیەکانى سەر بەقەزایی چەمچەماڵ لە ساڵى 2004 وە کراوە بەناحیە ئەم ناحیەیە لە ئێستادا زیاتر لە 100 ماڵى تێدایە و 24 گوندى لەسەرە هەروەک 1800 فۆرمی خێزانیشى لەخۆ گرتووە، ئەوەى داخوازى ئێستاى دانیشتوانەکەیەتى فەرمانگەى بارى کەسایەتى بۆ ناحیەکە دابمەزرێنن و دەخوازن فەرمانگەیەکى تایبەت بەخۆی هەبێت، هەروەها ناحیەى تەکیەى کاکەمەند و ناحیەی شۆرشیش تا ئێستا فەرمانگەى بارى شارستانیان نیە هەروەک چەند هاوڵاتیەک ئاماژەیان پێدا نەبونى ئەو فەرمانگەیە گرفتى زۆری بۆمان دروست کردوە و قەرەباڵغیشى لەسەر فەرمانگەى بارى شارستانى چەمچەماڵیش درووستکردووە.

    مەردان مەجید دانیشتوى ناحیەى تەکیەى جەبارى ووتى ناحیەکەمان دوو کێشەى سەرەکى هەیە ئەوانیش نەبونى فەرمانگەى باری کەسێتى  و نەبونى کارەباى نیشتیمانیە ئەوەش گرفتى زۆرى بۆ دانیشتوانى سنورى ناحیەکە درووستکردوە ئەو هاوڵاتیە باسى لەوەکرد ئێستا نفوسیان سەربەناحیەى قادرکەرەمە هاوڵاتیانى سنورەکەیان بۆ یەک پێداویستى دەبیت بچنە قادرکەرەم ئەوەش ماندو بونێکى زۆرى دەوێت هاوکات قەرەباڵغیەکى زۆریش لەسەر ئەوان دروست دەکات هەربۆیە دەخوازین لە حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکرێت.

  تاریق رەشید قایمقامى چەمچەماڵ، راگەیاند تاکو ئێستا ئیش و کارەکانى ئەو ناحیانەرانەگیراون و بەباشى مامەڵەکانیان لە فەرمانگەى بارى شارستانى قادرکەرەم  و چەمچەماڵ بەرێوە دەچێت بەڵام لە داهاتوودا ئەوکێشانە چارەسەر دەکەین کە تەکیەى کاکەمەند و ناحیەى شۆرش و ناحیەى تەکیەى جەبارى ئەو فەرمانگەیەیان نیە بۆیە ئێمەش لای خۆمانەوە نوسراومان ئاراستەى سەروى خۆمان کردووە بۆ ئەوەى ئەو فەرمانگانە دابنرێت و مامەڵەى هاوڵاتیانیش بە باشى بەرێوە بچن، لە پێشوو تردا ناحیەى قادر کەرەم و سەنگاو ئاغجەلەر مەرکەزى قەزامان بووە و ئەوانەش تازە کراون بەناحیە پێویستە فەرمانگەى باری شارستانى بکرێتەوە چونکە تا ئێستا ئەو فەرمانگانە کە نەکراونەتەوە لە چەند ناحیەیەکى سنورەکەماندا من بە کەمتەرخەمى وەزارەتى ناوخۆى دەبین کە پێویستە هەر ناحیەیەک فەرمانگەکانى وەزارەتى ناوخۆى تێدا بکرێتەوە، چونکە پێویستیەکى گرنگە و ناکرێت هاوڵاتیانى سنوری ناحیەیەک بۆ مامەڵەیەکى خۆیان بچنە ناحیەیەکى تر

   

 

ئاگادارییەک لە قایمقامیەتى چەمچەماڵەوە 

ئاگادارى ئەو هاوڵاتیانە دەکەینەوە کە فۆرمى قەرەبووى (10) ملیۆنى زیانلێکەوتوانى دەستى رژێم دەیانگرێتەوە. ئەگەر فۆرمى خۆراکیان چەمچەماڵ و ناحیەکانى دەورووبەرى بێت . ئەوا پێویست ناکات لەمامەڵەى پرکردنەوەى فۆرمەکەدا پشتگیرى نیشتەجێبوون بکەن


 

ئەمساڵ4024 حاڵەتى لە دایک بوون لە سنورى چەمچەماڵدا تۆمار کراوە .

چەمچەماڵ / پشتیوان محەمەد

بە پێی ئامارێکى بنکەى تەندروستى شەهید هۆشەنگ بۆ منداڵ بوون لە ساڵى رابردوودا 4085 حاڵەتى لە دایک بوون لە سنورى چەمچەماڵدا تۆمار کراوە .

    هەر لە ئامارەکەدا هاتوە 1074 حاڵەتى نەشتەرگەرى گەورە بچوک بۆ لەدایک بوون ئەنجامدراوە و 3070 منداڵیش بە سروشتى و ئاسایی لەدایک بوون، هەروەک روونکراوەتەوە یەک حاڵەتى دوانەش هەبووە و لەو رێژەى لە دایک بونەش 16 حاڵەتى مردننى کۆرپە تۆمار کراوە هەروەک ئاماژەی پێدراوە 1984 منداڵیان کور بوونە و 2040 منداڵیشیان کچ بووە.

    بەپێی ئامارەکانیش بێت  رێژەى لەدایک بوون زیادى کردووە ئەوەش بەهۆى ئەوەى زۆرێک لەگەنجان پرۆسەى هاوسەرگیریان کردووە.

 

بەبرى ملیارێک و 424 ملیۆن دینار تەواوى گەرەکەکانى تەکیەى جەبارى قیر و شۆستەى بۆ جێبەجێکرا

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئووف

  لەدرێژەى کارو پرۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى هەرێم بۆ شاروشارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان، بەبرى (ملیارێک) و (424) ملیۆن دینار تەواوى کۆڵانەکانى ناحیەى تەکیەى جەبارى قیرتاوکراون.

     ئەندازیار (رێبوار ئەحمەد عەبدولقادر) سەرۆکى شارەوانى تەکیەى جەبارى بەسایتى کاروان فتح اللە ى  راگەیاند، لەساڵى 2011دا بەبرى ملیارێک و (424) ملیۆن دینار پرۆژەى قیرتاوکردن و دروستکردنى شۆستە بۆ سەرجەم کۆڵانەکانى ناحیەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە کە (29) هەزار مەتر دووجایەو لەئێستادا کارەکانى تەواو بووە.  وتیشى، پێشتریش پرۆژەى ئاوو ئاوەرۆ بۆ ناحیە جێبەجێکراوەو لەئێستادا جگە لە رێگەى سەرەکى ناحیەکە کە %75ى قیرتاوکراوەو (19) هەزار مەتر دوجایە، کۆڵان و گەرەکەکان لەسەداسەد پرۆژەى خزمەتگوزارییان بۆ کراوە.

    سەرۆکى شارەوانى تەکیەى جەبارى رونیشیکردەوە، لەئایندەیەکى نزیکدا بەبرى (400) ملیۆن دینار لەگەڵ دروستکردنى باخچەیەکى گەورەو  ئەو بەشەى کە لەرێگەى سەرەکى ناحیەکە ماوە  قیرتاو کرێت لەگەڵ دەکرێت. 

 

                    ئامارى کارو چالاکیەکانى یەکێتى ژنانى کوردستان

                       لێژنەى ژنانى چەمچەمالڕ بۆساڵى 2011

 پشتیوان محەمەد

لەساڵى 2011دا ئەم بەشە 6 کۆڕى لەبوارەکانى ڕۆشنبیرى وڕاگەیاندن وهۆشیارى گشتى دا ساز کردووە لە چەندین شوێنى جیازاز بە تایبەتى لە خوێندنگاکان دا .

بەشى پڕۆژەکان :

بەشى پڕۆژەکان لە پێناوى هاندانى ژنان بۆئەوەى ببنە خاوەنى داهاتى خۆیان 5خولى بڕین و دروومانى بۆژنانى سنوورەکە کردۆتەوەو 4لە خولەکان بەهاوى سەنتەرى سەرچاوەى خۆشەویستى لە ناحیەى شۆرشِ ئەنجام دراوەوبەشێوەى نیوەنرخ مەکینەى دروومان بە ژنان بەخشراوە جگە لەمەش دووخولى کۆمپیتەرى کردۆتەوە لەگەلڕ هەڵمەتیکى هۆشیارى هاتووچۆ.

بەشى تەندرووستى :

بەشى تەندرووستیش لە ساڵى 2011دا 19 کۆڕى تەندروستى بۆ ووشیارکردنەوەى کۆمەڵگە بە گشتى وژنان بەگشتى ساز کردووە 

بەشى کۆمەڵایەتى : 

53 کیشەى کۆمەڵایەتى وخێزانى ڕووى لە بەشى کۆمەڵایەتى کردوە کەتونراوە بەهاوکارى دادگاو پارێزەرى تایبەتى یەکێتى ژنان 8کێشەیان چارەسەرکراوەو45کێشەش لەبەدواداچوون دایە وهەروەها4جآ ژوان بۆئەومناڵانەش ساز کراوە کەدایک وباوکیان لەیەکترى جیابوونەتەوە.

هەر بەپێى ئەو ئامارە ئەمساڵ تندو تیژى بەرامبەر بە ژنان و سکاڵا تۆمار نەکراوە وەک مریەم محەمەد بەرپرسى لیژنەى ژنانى چەمچەماڵ ئاماژەى پێدا هیچ حاڵەتێکى کوشتن و خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ کوشتن لە سنورەکەیاندا نەبووە بەڵام ساڵى 2010لەو جۆرە رووداوانە زۆر بوون

 بە پێى ئامارێکى ساڵى 2011ى رێکخراوى یەکێتى ژنانى کوردستان لەگەرمیان 5 حاڵەتى کوشتنى ژنان و 6 خۆکوشتنى ژنان و 23 سوتاوى و 7 حاڵەتى خۆسوتاندن و 102 حاڵەتى ئەشکەنجەدانى ژنان و 107 حاڵەتى سکاڵا تۆمارکراوە هاوکات لە پارێزگاى دهۆکیش 6 کوشتن و 10 خۆکوشتن و 9 حاڵەت بۆ هەوڵدان بۆ خۆکوشتن و 51 خۆستاندن و 34 حاڵەتى سوتاند و 656 سکاڵا تۆمار کراوە و بە پێى ئامارەکانیش بێت ئەو حاڵەتانە ساڵانە روو لەکەمبونەوە دەچێت.

 

دکتۆر سامان فەوزى : پێویستە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان لە سیستمى حوکمرانى عێراقدا بەشداربن

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئووف

   بەمەبەستى قسەکردن لەسەر بارودۆخى سیاسى عێراق و ئەو تەنگژەو گرفتانەى کەهەن، نوێنەرایەتى گشتى خوێندکارانى سکوڵى زانستە رامیاریەکانى چەمچەماڵ  بەناونیشانى "کورد لەهاوکێشە سیاسیەکانى ئەمرۆى عێراقدا" سیمینارێکى بۆ ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق "دکتۆر سامان فەزى" بەرێوەبرد.

     لەسیمینارەکەدا ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بەوردى باسى لەبارودۆخى رابردوو و ئێستاى عێراق کردو رونیکردەوە کە پێکهاتەى وڵاتى عێراق بەشێوەیەکە هیچ پێکهاتەو نەتەوەو هێزێکى دیاریکراوى سیاسى ناتوانێت بەشێوەیەکى دروست و بێ کێشە حوکمى ئەو دەوڵە بکات. بۆیە باشترین رێگە بۆ حوکمى وڵات و پێدانى ماف بەتەواوى نەتەوەو پێکهاتەکانى، دەسەڵات و حکومەتێکە کە تەواوى پێکهاتە جیاوازەکان بەشدارى تێدابکەن و ببنە بەشێک لەکایە گرنگەکانى دەوڵەت.

         هەروەک رونیشیکردەوە، لەئێستادا لەئەنجامى وەلانان و پەراوێزخستنى چەند لایەنێکى سیاسى گرفت و تەنگژەیەکى سیاسى و ئیدارى گەورە هاتۆتە ئاراوەو ئەنجامەکەیشى ئەوەیە تەواوى عێراق و دانیشتوانەکەى لە دوودڵى و نائارامیدا ژیان دەبەنەسەر. ناوبراو ئاماژەى بەوەشکرد، ناکرێت وڵاتێک بۆ ماوەیەکى دوورو درێژ لەنائارامیدابێت و ئاسۆى ئایندەى نادیاربێت. بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان درک بەو راستیە بکەن و سازش لەسەر زۆر دەستکەوت و شتى سادە بکەن و لەدەورى مێزى گفتۆگۆو دیالۆگ کۆببنەوەو بگەنە رێگەوتنێک کە بەشێوەیەک تەواوى پێکهاتەو نەتەوەو مەزهەبەکان تیایدا بەشداربن و هەمووان رۆڵێکى کاریگەریان لە بونیاتنانى عێراقدا هەبێت.

   هەروەک "سامان فەوزى" باسى لە رۆڵى کورد  کردو وتى، کورد لەگەڵ حکومەتى نورى مالکیدا کەم تا زۆر کێشەى هەبووەو زۆرجار بەئاشکراو لەرێگەى نوێنەرانى کوردو سەرکردایەتى سیاسى کوردەوە ئەو نیگەرانیە گەیەنراوەتە حکومەتى عێراق. لەئێستاشداو لەچوارچێوەى دەستپێشخەریەکەى (مام جەلال) سەرۆککۆمارى عێراق و لەسەروو بەندى ئامادەکارى بۆ بەستنى کۆنگرەى نیشتمانى بۆچارەسەرکردنى کێشە سیاسییەکان،  کورد پێویستە بەشێوەیەکى باش و یەکگرتوو خۆى ئامادە بکات و رۆڵى هەبێت لە چارەسەرکردنى گرفتەکان و هاوکات داواکارییەکانى خۆیشى پێشکەش بکات و دەستکەوتەکانى زیاترو فراوانتر بکات.

 

بە دووگۆڵ بەرامبەر بەیەک گۆڵ یانەى چەمچەماڵ بەسەر یانەى ئاڵادا سەرکەوت

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئووف

لە چوار چێوەی یاریەکانى خولى تۆپى پێى یانە پلە یەکەکانى کوردستان و لە هەفتەی یانزەیەمدا، لەیارییەکى بەهێزو پر ململانێدا یانەى وەرزشى چەمچەماڵ لە نێو هاندەران و لەیاریگاى خۆیدا میواندارى یانەى وەرزشى ئاڵاى شارى هەولێرى کرد.

      لەیارییەکەدا کە یاریزانانى چەمچەماڵ درێسى سوور و یانەى ئاڵا درێسى شینیان پۆشیبوو، هەر لەسەرەتاوە گەرموگورییەکى زۆرى پێوە دیاربوو بەشێوەیەک لە دەقیقەکانى سەرەتاى یارییەکەدا هەردوو یانە ژمارەیەک هێرشى بەهێزیان بۆسەر تۆرى یانەى بەرامبەر ئەنجامدا، لەئەنجامى هێرش و فشارەکاندا و لەئاکامى هەڵەیەکى گۆڵچى یانەى ئاڵا. (عەلى قاسم) یاریزانى چەمچەماڵ لەدەقیقەى (حەوت)ى یارییەکەدا گۆڵى یەکەمى بۆ یانەکەى تۆمارکرد. 

      تۆمارکردنى ئەم گۆڵە لەلایەن یاریزانانى یانەى چەمچەماڵەوە رێگرى نەکرد لەهێرشەکانى یانەى ئاڵا بۆسەر تۆرى گۆڵچى چەمچەماڵ، بەڵکو هێرشەکانى یانەى ئاڵا بەمەبەستى تۆمارکردنى گۆڵ و یەکسانکردنەوەى ئەنجامى یارییەکە بۆسەر تۆرى بەرامبەر بەردەوامبوو، تا لەدەقیقەى (حەڤدە)دا  (سەمیر جەرجیس) یاریزانى یانەى ئاڵا توانى سوود لە لاوازى و هەڵەکانى یاریزانانى هێڵى بەرگرى یانەى چەمچەماڵ وەربگرێت و گۆڵى یەکەم و یەکسانبوون بۆ یانەکەى تۆماربکات.

          گێمى یەکەمى یارییەکە بەم شێوەیەو بەگۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایى هات.

      هیوا عادل ئەندامى دەستەى کارگێرى یانەى چەمچەماڵ، یاریەکەى بە یارییەکى ئاست بەرزو سەرکەوتوو باسکردو ئاماژەى بەوەکرد بردنەوەیان لەم یارییەدا گرنگە لەبەرئەوەى یانەى ئاڵا بەچەند خاڵێک لەپێش ئەوانەوەن . وتیشى، لەگێمى دووەمى یارییەکەدا هێرشەکانیان چر دەکەنەوە بۆسەر تۆرى یانەى بەرامبەر بەمەبەستى تۆمارکردنى گۆڵى سەرکەوتن و بەدەستهێنانى (سێ) خاڵى گرنگى یاریەەکە.

     هاوکات سالار سلێمان سەرپەرشتیارى یانەى ئاڵا باسى لەیارییەکە کردو وتى ، یارى نێوان یانەى چەمچەمالڕَ و ئاڵا ئاستێکى بەرزى هەبوو  و یاریزانانى هەردوولا تواناکانیان لەیاریگادا خستەروو ، بەو هۆیەشەوە لەگێمى یەکەمى یارییەکەدا هەردوو یانە توانیان هەریەکەو گۆڵێک بۆخۆى تۆمار بکات.

     لەگەڵ دەستپێکردنەوەى گێمى دووەمى یارییەکەدا گەرموگورییەکى زۆرى پێوە دیاربوو، ئەویش بەو ئامانجەى هەریەکێک لەیانەکان لەرێگەى یاریزانەکانیانەوە بتوانن گۆڵى دووەم و سەرکەوتن بۆ خۆیان تۆماربکەن و ببنە براوەى یارییەکە.

      بەم شێوەیە هێرشى یاریزانانى هەردوولا بۆسەر تۆرى یانەى بەرامبەر بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا چەندین هەلى زێڕین لەلایەن یاریزانانى هەردوو یانەوە بۆ تۆمارکردنى گۆڵ لەدەستدرا.

      راهێنەرو سەرپەرشتیارانى هەردوو یانە بەمەبەستى بەهێزکردنى ریزى یاریزانان و نەهێشتنى لاوازى لەریزەکانیاندا ژمارەیەک گۆرانکارییان ئەنجامدا.ململانێکان بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا لە دەقیقەى (84)دا (هێمن حەمید) گۆڵى یەکەمى خۆى و دووەمى بۆ یانەى چەمچەماڵ تۆمارکردو بەتۆمارکردنى ئەم گۆڵەش یانەى چەمچەماڵى بەگۆڵێک پێشخست. یارییەکە بەمشێوەیە بەردەوام بوو تا ناوبژیوان فیکەى کۆتایى لێداو کۆتایى بەیارییەکە هات. 

      بەبردنەوەشى لەیانەى ئاڵاى هەولێر، بەدوو گۆڵ بەرامبەر بە یەک گۆڵ یانەى چەمچەماڵ بووە خاوەنى (سێ) خاڵى یارییەکەو کۆى خاڵەکانیشى بوو بە (حەڤدە) خاڵ.

     یانەى ئاڵاش نەیتوانى لەم یارییەدا هیچ خاڵێک دەستەبەر بکات و کۆى خاڵەکانى وەکو خۆى مایەوە کە (نۆزدە) خاڵە




 

کۆمەڵەى خوێن بەخشانى چەمچەماڵ بریارى هەڵوەشانەوەیدا 

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئووف

      کۆمەڵەى خوێن بەخشانى چەمچەماڵ بە هۆکارى، هاوکاری نەکردنیان لەلایەن حکومەتەوە، هەڵوەشانەوەى خۆیان راگەیاند.

      "عەدنان عومەر کاکەبرا" لێپرسراوى کۆمەڵەى خوێن بەخشانى چەمچەماڵ، بە سایتى "کاروان فتح اللە"ى راگەیاند: لەبەرئەوەى لەلایەن حکومەتەوە هیچ هاوکاریەکیان نەکراوە، بۆیە ناتوانن بەردەوام بن و درێژە بەو خزمەتە مرۆییە بدەن. لێپرسراوى کۆمەڵەى خوێن بەخشانى چەمچەماڵ رونیشیکردەوە، کۆمەڵەکەیان بەردەوام هاوکارى ئەو کەسانەى کردووە کە خوێنیان پێویست بووە لەشارى چەمچەماڵ و سلێمانى و کەرکوک. وتیشى، جارهەبووە لەکاتى روداوەکانى شارى کەرکوکدا زیاتر لە (80) بوتڵ خوێنیان وەک هاوکارى بە بریندارانیان نەخۆشخانەکانى ئەو شارە بەخشیووەو رۆڵێکى باشیان هەبووە لەدابینکردنى خوێن بۆ ئەو کەسانى پێویستیان بووە.

    کۆمەڵەى خوێن بەخشانى چەمچەماڵ، 363 ئەندامى هەیەو لەساڵى 1998ەوە دامەزراوەو لەو ماوەیەدا خزمەتێکى بەرچاوى سنورەکەى کردووە بەدابینکردن و هاوکارى کردنى ئەوکەسانەى پێویستیان بەخوێنە.






 

ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق: دەستپێشخەریەکەى سەرۆک کۆمار لەجێى خۆیدایە


"کورد پێویستە بێ جیاوازى و بەیەکگرتووى بەشدارى کۆنگرەى نیشتمانى بکات"

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئووف

  ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، رایدەگەیەنێت دەستپێشخەرییەکەى مام جەلال سەرۆککۆمارى عێراق،بۆ بەرێوەچوونى کۆنگرەیەکى نیشتمانى هەنگاوێکى باشدەبێت بۆ چارەسەرکردنى گرفت و تەگژە سیاسیەکانى عێراقء تێپەراندنى ئەو نائارامییە سیاسییەى کە ئێستا لەعێراقدا هەیە.

  "دکتۆر سامان فەوزى" ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەسەر لیستى هاوپەیمانى کوردستان، لەلێدوانێکیدا بۆ کوردستانى نوێ باس لەدەستپێشخەرییکەى مام جەلال سەرۆککۆمارى عێراق دەکات و دەڵێت، بەرێوەچوونى کۆنگۆەیەکى نیشتمانى لەو شێوەیەى تاڵەبانى بانگەوازى بۆ دەکات لەجێى خۆیدایەو بەشێکى زۆر لەکێشەو گرفتە سیاسیەکانى عێراق چارەسەردەکات.

 "سامان فەوزى" رونیشیکردەوە، هەرکاتێک کێشە دروست دەبێت، پێویستە بیرلە چارەسەرکردنى بکرێتەوە. وتیشى، ئەم سیستمە دیموکراسیە سادەیەی ئێستا لەعێراقدا هەیە، کەسانێک هەن تاکو ئێستا هەزمیان نەکردووەو روحیەتێک هەیە بۆ وەلانان و بەرێوەبردنى حوکمێکى تاکرەوانە. بۆیە دەستپێشخەرییەکەى سەرۆک کۆمار لەکات و جێى خۆیدایە، تاکو هەموو لایەنەکان بگەنە تەوافوقێکى سیاسى و تەنگژە سیاسیەکان تێپەرێنرێت. 

   ئەو ئەندامە کوردەى  ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق تەئکیدى لەوەشکردەوە، پێویستە کورد ئیدارەیەکى سەرکەوتووى ئەو بارودۆخە سیاسیە بکات کە ئێستا عێراقى تێکەوتووە. ئاشکراشیکرد، هەموو کات و لەهەمو کۆنگرەو کۆبوونەوەیەکدا کەلەنێوان پێکهاتەکانى عێراقدا بەرێچووە، داواکارى و داخوازییەکانى کورد لەچوارچێوەى دەستورو پشت ئەستوور بووە بەدەستور. وتیشى گرنگترین شت ئەوەیە هەموو لایەنە کورد ییەکان بەبێ جیاوازى و بەیەک روح کاربکەن بۆئەوەى لەو کۆنگرە نبشتمانیەدا ئەجێنداى کوردى بهێننە ئاراوەو داواکاریەکانى کورد بخەروو.هاوکات پشتگیرى لەداواکارى هەر لایەنێک بکات کە داواکارییەکەى لەچوارچێوەى دەستوردابێت، لەهەمووشیان گرنگتر بابەتى هاوسەنگى و وەک یەکى و بەشداریی نیشتمانییە. 





 

ژمارەیەک کاسبکارى بازارى چەمچەماڵ لەبەرامبەر تێکدانى شوێنەکەیان نارەزایی دەردەبرن

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئووف

     ژمارەیەک کاسبکارى  بازارى قەزاى چەمچەماڵ نیگەرانن لە بریارێکى شارەوانى قەزاکەو ، داوادەکەن بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو بێت و بازارەکەیان تێکنەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش گردبوونەوەیەکیان لەشارەوانى چەمچەمالڕَ ئەنجامدا.

      کاسبکارانى بازارەکە باس لەوەدەکەن، ئەوان تاک  ئێستا لەو دوکانانەدا کاریان کردووە و کرێى ساڵانەى ئەدەن، بەڵام لەئێستادا سەرمایەگوزارێک  بەنیازە تەواوى دوکانەکان تێکبدات و دووبارەو بەشێوازێکى نوێ بازارەکە دروستبکاتەوە، رونیشیدەکەنەوە ، تێکدانى بازارەکە لەبەرژەوەندى ئەواندا نیە لەئەبەرئەوەى بەتێکچوونى بازارەکەیان ناتوانن لە هیچ شوێنێکى تر کاسبى خۆیان بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا زیانێکى زۆر دەکەن لەبەرئەوەى ژمارەیەک دوکاندارى بازارەکە بە برە پارەیەکى زۆر دوکانەکەى کریوە. 

   کاسبکارانى بازارەکە، تەئکید لەوەدەکەنەوە، پێشترو لەساڵى 2003دا شوێنى ئەو بازارە  لە سێ بەش پێکهاتووە بەکرێ دراوە بەکاسبکاران گرێبەستیشیان کردووە کە ساڵى 2017 کۆتایى پێدێت.     

لەبەرامبەر داواکارى کاسبکارانى ئەو بازارە (سەروەر ساڵح) سەرۆکى شارەوانى چەمچەماڵ، رایگەیاند، ئەوان بریارى دەرکردن یاخود تێکدانى بازارەکەیان دەرنەکردووە، بەڵکو لەرووى یاساییەوە راستکردنەوەکیان کردووە لە بیناى گشتییەوە بۆ بیناى بازرگانى و ئەم گۆرانکاریەش هیچ کاریگەریى لەسەر کارو کەسابەتى ئەوان نابێت. سەرۆکى شارەوانى چەمچەماڵ وتیشى ، تاکو ساڵى 2017و کۆتایى هاتنى گرێبەستەکە کاسبکارانى بازارەکە لەشوێنەکەى خۆیاندا دەمێننەوە. 

     ئەوەى مایەى قسە لەسەرکردنە، تاکو ئێستا شارەوانى چەمچەماڵ نەیتوانیووە بازارێکى یەکگرتوو و بەشێوازێکى سەردەمیانە بۆ کاسبکارانى میوەفرۆش و بەشێک لە فرۆشیارانى جل و بەرگ و دوکانى وشکە دروست بکات ،  ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى ناوبەناو کاسبکارانى بازارى قەزاکە لەبەرامبەر  دەرکردنى هەر بریارێکى شارەوانیدا  نارەزایى دەرببرن. 


 
 

هاوڵاتیانى گوندى بێدەر لەسەر ئەرکى خۆیان بەنداوێک دروست دەکەن

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئووف

     بەمەبەستى کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى وشکەساڵى و کەمبارانى لە سنورەکەیانداو سوود وەرگرتن لە ئاوى گلدراوەى باران. هاوڵاتیانى گوندى (بێدەر)ى سەر بەناحیەى (ئاغجەلەر) لەسەر ئەرکى خۆیان و بەهاوکارى ئیدارەى سنورەکە بەنداوێکى خاکى دروست دەکەن.

       سەرپەرشتیارى بەنداوەکە،  رایگەیاند، بەمەبەستى گلدانەوەى ئاوى باران و  سوودوەرگرتنەوە لێى بەمەبەستى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى، لەسەر ئەرکى خۆیان بەنداوێک دروستدەکەن و لەئێستاشدا پرۆژەکەیان سەرکەوتنێکى باشى بەدەستهێناوە. سەرپەرشتیارى پرۆژەکە رونیشیکردەوە، بەمەبەستى تەواوکردنى بەنداوەکە هەریەک لە قایمقامى چەمچەمالڕَ و بەرێوەبەرى ناحیەى  ئاغجەلەر هاوکارییان کردوون و وتیشى ، ئەگەر بمانەوێت بەنداوەکە سەرکەوتوو بێت ئەوا پێویستمان بە هاوکارى زیاترى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت هەیە. 

    لاى خۆشیەوە شارەزایەکى بوارى ئاودێرى و بەنداو لە بەرێوەبەرایەتى کشتوکاڵى چەمچەماڵ ئاماژە بەوەدەکات، لەگەڵ ئەوەى دروستکردنى ئەو بەنداوەخاکیانە  لەسەر بنەمایەکى زانستى ناکرێن، بەڵام کاریگەرى باشى دەبێت لەسەر گلدانەوەى ئاوى باراناوو بوژاندنەوەى کانیاو کارێزى سنورەکەو هەروەها سوودوەرگرتن لە ئاوى بەنداوەکە بۆ مەبەستى ئاژەڵدارى و کشتوکاڵکردن. 

ئەو شارەزایەى بوارى بەنداو وتیشى ، ئەوان دەتوانن چاودێرى دروستکردنى ئەو جۆرە بەنداوانە و سەرپەرشتى کارەکانى بکەن تاکو بەشێوەیەکى باش و سەرکەوتوو تەواوبێت

  ماوەى چەند ساڵێکە هاوڵاتیانى سنورى قەزاى چەمچەماڵ، بەمەبەستى کلدانەوەى باراناو و بەکارهێنانەوەى بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى، ژمارەیەک بەنداوى خاکیان دروستکردووەو وەک شارەزایانى بوارى ئاودێریش باسى لێوەدەکەن، دروستکردنى ئەو بەنداوانە کاریکەرى باشى دەبێت بۆ گلدانەوەى ئاوى ژێر زەوى و بوژاندنەوەى کانیاو و کارێزى سنورەکە. 

 

چەند وارسێکى تر چەکى دروستکردنى پارەى یەکەى نیشتەجێبونیان پێدرا

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئووف

    .  ژمارەیەکى تر و چەکى پارەى دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بەسەر وارسى ئەنفالکراواندا دابەشکرا

     (سەلمان رەمەزان) بەرێوەبەرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەمرۆ 12/1/2012 لەلایەن لیژنەکانیانەوە، ژمارەیەکى تر لە چەکى پارەى دروستکردنى خانوى خۆکرد بەسەر وارسى ئەنفالکراواندا دابەشکرا. وتیشى ، ژمارەى ئەو وارسانەى ئەمرۆ چەکى پارەى دروستکردنى خانوەکانیان پێدرا (116) وارسى ئەنفالکراون و لەو ژمارەیەش (70) وارسیان چەکى پارەى کەشفى دووەم و (46) وارسەکەى تر چەکى کەشفى یەکەمیان پێدەدرێت.

    بەرێوەبەرى کاروبارى شەهیدان و ئنفالکراوان رونیشیکردەوە، دروستکردنى ئەم یەکانە لەچوارچێوەى قۆناغى سێیەمى دروستکردنى (652)  یەکەى        نیشتەجێبوونى خۆکردە  بۆ وارسى ئەنفالکراوان لە سنورى قەزاى چەمچەماڵ  

تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەستیپێکرد ‌

چەمچەماڵ / پێشەوا شێخ رەئوف 

   رۆژی 10/1/2012، لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا تاقیکردنەوە ئەزموونییەکانی وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی 2011-2012 بۆ قۆناغەکانیبنەڕەتی ئامادەیی پەیمانگەکانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی ھەرێم دەستیپێکرد. 

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم، لەتاقکردنەوەکەدا یەک ملیۆن و 512 ھەزارو 590 خوێندکار بەشداریی دەکەن. بەوتەی لێپرسراوانی  وەزارەتەکەش، ھەموو پێداویستییەکانی تاقیکردنەوەکە دابینکراوە لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەکە.

بەمەبەستی دڵنیابوون لەبەڕێوەچوونی پرۆسەکەش، لێپرسراوانی وەزارەتی پەروەردە لەھەر سێ پارێزگەکە ژمارەیەک لەھۆڵەکانی خوێندنیان بەسەر کردەوەو لەچۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیان کۆڵییەوە.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا، ھیدایەت جەمال لێپرسراوی رايگەیاندنی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی چەمچەماڵ بەکوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم بەسەرکەوتویی دەستی پێکرد کەزیاتر لە 48 ھەزار خوێندکار لەسنووری پەروەردەی چەمچەماڵدا بەشدارییان تێدا کرد. 

وتیشی: سەرجەم پێداویستییەکانی تاقیکردنەوە بۆ خوێندکاران ئامادەکرابوو، مامۆستایانیش کەشو ھەوایەکی باشیان بۆ خوێندکاران رەخساند.